ســودەکانی گوێگرتن لە مۆسیقا
بە پێی توێژینەوەیەک گوێگرتن لە مۆسیقا ئازاری جەستە بە رێژەی %20 کەم دەکاتەوە ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گوێگرتن لە مۆسیقا مێشکی نەخۆشەکە مەشغوڵ دەکەت و ئازارەکەی لە بیر ئەباتەوە هەروەها ڕێژەی هۆڕمۆنی ( ئیندۆفین ) زیاد دەکات و هەناسەدان و لێدانی دڵیش خاو دەکاتەوە ، ئەمانەش هەمووی گەرەنتی کەمکردنەوەی ئازارەکە دەدەن ، هەر لەبەر ئەوەشە ئێستا لە زۆر لە نەخۆشخانەکانی ووڵاتانی ئەوروپی مۆسیقا بەکار دەهێنن بۆ کەمکردنەوەی پەیوەست بوون بە دەرمانی ئازار شکێن لە کاتی مناڵبوون و دوای نەشتەرگەری گەورە ، بە ئەنجامدانی مەشق و ژەنینی مۆسیقا ، هەروەها گوێگرتن لە مۆسیقایەکی خاو و هێمن ڕۆژانە بۆ ماوەی نیو سەعات فشاری خوێن زۆر دادەبەزێنێت و یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی پەستانی خوێن دەدات وە ڕێگە لە نەخۆشییەکانی وەک ( جەڵتەی دڵ و مێشک ) دەگیرێت کە بەهۆی بەرزە فشاری خوێنەوە دروست دەبێت ،هەرچەندە لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقایەکی خێرا لێدانی دڵ و هەناسەدان خێرا دەبێت بە پێچەوانەشەوە لە کاتی گوێگرتن لە مۆسیقایەکی خاو نیشانە زیندەگیەکانی لەش خاو دەبنەوە . بەڵام ئەو پارچە مۆسیقایەی گوێی لێ دەگیرێت هەرچۆنێک بێت لە ماوەیەکی درێژخایەن کاریگەی باشی دەبێت بۆ ئاسایی کردنەوەی لێدانی دڵ و هەناسەدان .

سودە تەندروستیەکانی مۆسیقا بۆ مێشک زۆر و هەمەجۆرە ، بۆ نمونە توێژینەوە تازەکان جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ئەو کەسانەی ئامێرێکی مۆسیقا لێ ئەدەن یان بە بەردەوامی گوێ لە مۆسیقا دەگرن زیرەکتر وبلیمەتترن لەو کەسانەی گوێ لە مۆسیقا ناگرن چونکە مۆسیقا توانا مێشکیــەکانی وەک و توانای خوێندنەوە و نوسین و بیرکاری و سۆزداری بە هێزدەکـــات ، لە لایەکی تریشەوە تێبینی ئەوە کراوە کە ئەو منداڵانەی کۆرسی فێربونی مۆسیقا وەردەگرن توانای تۆمارکردنی زانیارییەکان و بەبیرهاتنەوەیان زیاترە بە بەراورد بە مناڵانی تر ، ئەویش بە هۆی چالاکبونی لای ڕاستی مێشک لەو کاتەدا جگە لەوەش توانای بیرتیژی و تەرکیزکردن زیاتر دەبێت بە گوێگرتن لە مۆسیقایەکی کەمیی خێرا .
مۆسیقا هاندەرێکی بەهێزە و توانای جەستەیی زیاد دەکات و چوست و چالاکت دەکات ، بۆ نمونە ئەگەر گوێ لە مۆسیقایەکی کەمێک خێرا بگریت توانای جوڵە و ئیشکردن و بەرهەمهێنانت زیاتر دەبێت چونکە مۆسیقاکە وات لێ دەکات کەمتر هەست بە هیلاکی بکەیت و ووریایی دەرونی و توانای ئیشکردنی ماسولکەکانت زیاتر بکات هەر بۆیە ئەگەر لە کاتی ڕاکردن و وەرزشکردن هیتفۆنێک بکەیتە گوێت و گوێ لە مۆسیقا بگریت وەرزشەکە بە خۆشی دەکەیت و کاتەکەشت زوتر لێ ئەڕوات .
مۆسیقا ڕێگەیەکی ئاسانە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەی بێ خەوی ،زۆر لە زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە شەوانە پێش خەوتن گوێگرتن لە مۆسیقایەکی هێمن بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دەستەبەری شەوێکی ئارام و خەوێکی خۆشت بۆ دەکات بە هۆی ئەوەی تۆ لەو کاتەدا لە دونیا دادەبڕێیت و بیرت ساف دەبێت و جەستەت و مێشکت خاو دەبێتەوە و فشاری خوێن و بڕی لێدانی دڵ کەم دەکاتەوە .
سودەکانی مۆسیقا بۆ کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێ سەلمێنراوە چونکە گوێگرتن لە مۆسیقایەکی هێمن و ئارام یارمەتی خاوکردنەوەی ماسولکەکان دەدات و تەنگژەی دەروونی ئەڕەوێنێتەوە و مادە سترێسێنەرەکانی ناو لەش وەک هۆڕمۆنی ( کۆرتیزۆر ) کەم دەکاتەوە ئەمانەش وات لێ دەکەن کە دڵخۆش بیت و خەم و خەفەت کەم بێتەوە تەنانەت پاش ماوەیەکی زۆریش لە گوێگرتن لە پارچە مۆسیقایەکە .
هەر بۆیە ئێستا مۆسیقا بە چارەسەرێکی کاریگەر دادەنرێت بۆ چارەسەری نەخۆشی دڵەڕاوکێ و نەخٶشی خەمۆکی .
0 التعليقات: